تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشكرایكردووە، مونوێرا مونتێرۆ ناوبژیوانی یارییەكەی ریاڵ مەدرید و ئۆساسۆنا لە یارییەكانی هەفتەی داهاتووی لالیگا سڕكراوە و هیچ یارییەك بەو ناوبژیوانە نەبەخشراوە ئەویش پاش ئەوەدێت كارتێكی سوری بە جود بێڵینگهامی یاریزانی ریاڵ مەدرید دا و ئەو رووداوەش مشتومڕێكی زۆری دروستكرد.

هەر لە لێكەوتەی ئەو كارتە سورەی بە بێلینگهامی دا، چەند نهێنیەك لەسەر مۆنتێرۆ خراوەتەروو، رۆژنامەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی راپۆرتیكی بنكۆڵكاری لەبارەی ناوبژیوانەكە ئەنجامداوە و بە وتەی خۆیان بۆیان دەركەوتووە، خۆسیێ لویس مونوێرا مۆنتێرۆ كاری ژێربەژێری لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا و كۆمەڵەی لالیگا و یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا هەیە، لە چەندان كاری بازرگانی هاوبەشن و بەرژەوەندیی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە.

رۆژنامەی ئیسپانیۆل، تۆڕێكی نهێنی ئاشكراكردووە كە مونوێرا بەشێكە لەو تۆڕە و چەند بەرپرسێكی لالیگا و یویفا و یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیای تێدایە.

جێی باسە، ناوبژیوانە ئیسپانییەكە جگە لەوەی كاری ناوبژیوانیەتی دەكات، دامەزرێنەری كۆمپانیای تیالێنت سپۆرتس سپیكەرس سی ئێڵی ئیسپانییە كە ئەو كۆمپانیایە بە سەرمایەی نیو ملیۆن یۆرۆ دامەزرێنراوە و بارەگاكەی دەكەوێتە شاری كۆردۆبا، بەڵام ئەو كۆمپانیایە هیچ كارمەندێكی نییە و هیچ ماڵپەڕ و پێگەیەكی فەرمی نییە.