میدیای ئیسپانیا ئاشكرایانكردووە چاڤی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی لەگەڵ یاریزانان دەستپێدەكات، بۆ دیاریكردنی چارەنووسی یاریزانانی یانەكە و پلاندانان بۆ وەرزی داهاتوو. وەك میدیاكان دەڵێن چاڤی هەواڵی پێویستی رۆیشتن لە یانەكە، بە چوار یاریزان دەدات.

 میدیاكانی ئیسپانیا گوتوویانە، یەكێك لەو یاریزانانەی بڕیاری رۆیشتنی لە یانەكە دراوە، ئانسۆ فاتێیە، گەرچی ئەو یاریزانە ویستی خۆی بۆ مانەوە لە تیپەكە راگەیاندووە، بەڵام نەیتوانیوە متمانەی چاڤی بەدەست بهێنێت.

 یاریزانێكی دیكەی بەڕێكراو لە تیپەكە، فیران تۆرێسە، ئەو یاریزانە پێشتر لەلایەن چاڤییەوە پشتگیریكراوە، بەڵام دۆخی ئاڵۆزە و هەوڵدەدات سوود لە فرۆشتنی بەرامبەر 20 تاوەكو 25 ملیۆن وەربگرێت، گەرچی بارسا پێشتر بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە بڕی 55 ملیۆن یۆرۆی دا كاتێك لە مانچێستەر سیتییەوە هێنایە ریزەكانی.

 یاریزانی سێیەمی لیستی چوارینە بەڕێكراوەكەی چاڤی، فرانك كیسێیە. چاڤی بەنیازە ئەو یاریزانە لەوە ئاگاداربكاتەوە كە پێویستە بڕوات و ئەوەش پەیوەندی بەئاستی ئەوەوە نییە، بەڵكو لەبەر هۆكاری ئابوورییە.

 چوارەم یاریزانی دووخراوە لە بارسێلۆنا، پابلۆ تۆرێیە، بەڵام ئەو دۆخێكی تایبەتی هەیە، هەربۆیە كارگێڕیی یانەكە نایەوێت بەیەكجاری دەستبەرداری ببێت، بەڵكو دەیەوێت بەشێوەی خواستن بیداتە یانەیەكی دیكە و دواتر بەدەستی بهێنێتەوە.

 لەلایەكی دیكەوە، میدیای كەتەلۆنیا ئاشكرایانكردووە، لیۆنێل لە هەڵسوكەوتی كارگێڕیی بارسێلۆنا تووڕەبووە، پاش ئەوەی بلیتی یارییە دۆستانە و ئامادەسازییەكانی هاوینی ئەمساڵی تیپەكەیان خستووەتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن.

 بەرپرسانی بارسێلۆنا ماوەیەكی زۆرە باس لە هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی مێسی بۆ یانەكە دەكەن، مێسیش تاوەكو ئێستا گرێبەستی خۆی لەگەڵ سانجێرمان نوێنەكردووەتەوە و چاوەڕێی بارسایە.

 میدیاكان دەڵێن، نزیكەكانی مێسی تووڕەبوونی ئەو یاریزانەیان بەبەرپرسانی یانەكە گەیاندووە، پاش ئەوەی ئەوان لە بازاڕكردن بۆ یارییەكانی تیپەكە لە هاوینی ئەمساڵدا دوو جۆر بلیتیان خستووەتە روو، بلیتێك كە بەیاریكردنی مێسی لەگەڵ تیپەكەدا بەنرخێكە و بلیتێكی دیكە كە بەبێ مێسی بەنرخێكی دیكەیە.

 ئەم هەڵسوكەوتەی بەرپرسانی بارسا، لای مێسی وا لێكدراوەتەوە كە ئەوان تاوەكو ئێستا دڵنیانین لەوەی ئەو یاریزانە دەگێڕنەوە یانەكە.

 وەك میدیای ئیسپانیا دەڵێن، بابەتی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا لەسەر رەزامەندبوونی دەستەی لالیگا راوەستاوە كە دەبێ بڕیار لە پلانی ئابووریی بارسا بدات بۆ وەرزی داهاتوو.

 سەرچاوەكان دەڵێن لە ئەگەری گەڕانەوەیدا بۆ بارسێلۆنا، مێسی مووچەیەك وەردەگرێت كە تەنیا یەك یۆرۆ لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی زیاترە، ئەمەش بۆ ئەوەی مێسی ببێتەوە خاوەن زۆرترین مووچە لە یانەكەدا.