لە بازاڕی گواستنەوەی مانگی یەكدا هەموو چاوەكان لەسەر مباپێیە و زۆرێك پێییان وایە دەچێتە ریاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمانیش لە هەوڵە بەردەوامەكانیدایە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانەكە.

ڕادیۆ مۆنتی كارلۆ بانگەشەی ئەوە دەكات، كە هەواڵێكی پێگەیشتووە كە دەریدەخات پاریس سان جێرمان ئامادەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆفەرێكی خەیاڵی پێشكەش بە مباپێ و خێزانەكەی بكات، ئەم ڕادیۆیە باسی لە پێشنیاری پاریسییەكان كرد وەك پێشنیارێكی باوەڕپێنەكراو كە ئامانج لێی ڕازیكردنی مباپێیە بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكە.

مۆنتی كارلۆ ئاماژەی بەوەشدا، بە وردی نازانرێت ئەو ئۆفەرەی پاریس بۆ مباپێ چەندە، بەڵام لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا بە پشتبەستن بە یەكێك لە سەرچاوەكانی خۆی ڕایگەیاند، پێدەچێت پێشنیاری پاریسییەكان بۆ كیلیان مووچەیەك بێت كە یەكسانە بە 100 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێكدا.

كیلیان مباپێ بڕیاری كۆتایی لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕادەگەیەنێت، یانەی ڕیال مەدرید ئۆفەرێكی بۆ یاریزانەكە ئامادە كردووە پێشكەشی كرد كە بڕەكەی كەمترە لە ئۆفەرەكەی ساڵی 2022.