راپۆرتێكی رۆژنامەڤانیی ئیسپانیا ئاشكرایكردووە،ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بووەتە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، وەك باشترین یاریزانی جیهان.

 رۆژنامەی 'ماركا'ی ئیسپانی دووپاتیكردووەتەوە، ڤینی بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵی دەستەبەركردووە.

 رۆژنامەكە دەڵێ، "دوو دەیەی رابردوو، باڵۆن دۆر مۆنۆپۆڵكراوی نێوان لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو، تەنیا لۆكا مۆدریچ و كەریم بنزیما توانییان خەڵاتەكە لەژێر دەستی ئەو دووانەیە دەربهێنن".

بەپێی راپۆرتەكە، ڤینی لە هەندێك شوێندا هەڵەی كردووە، بەڵام ئەو دواتر لە هەڵەكانی خۆیەوە فێربووە و كاری زۆری لەسەر گەشەكردنی خۆی و شێوازی یارییكردنی كردووە، بەشێوەیەك كە لەگەڵ پێویستیی تیپەكەیدا یەكبگرێتەوە.

 ڤینی، وەك 'ماركا' دەڵێ، لە بابەتێكی گاڵتەپێكردن و رەخنەگرتنەوە بووەتە كەسێك كە هەمووانی ناچاركردووە رێزی بگرن و لێی بترسن لە یاریگەدا.

 بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەكان، هەریەكە لە كیلیان ئێمباپێ، جود بێلینگهام و ئێرلینگ هالاند، ركابەری سەرەكیی ڤینیسیۆسن لەبەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.