لە دوو رۆژی رابردوودا، رۆژنامەكان بڵاویانكردەوە، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەوڵەكانیان دەستپێكردووە بەمەبەستی گواستنەوەی رافاێل لیاوی پورتوگالی و یاریزانی یانەی ئەی سی میلان.

لە نوێترین پێشهاتدا، لوكا بیانچینی رۆژنامەنوسی ئیتاڵی لە رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرت دوپاتیكردەوە، بەرپرسانی میلان بە هەموو شێوەیەك فرۆشتنی لیاو رەتدەكەنەوە.

ئەو رۆژنامەنوسە ئاشكرایكردووە، بەرشەلۆنە تووشێ شۆكێكی گەورە بووە چونكە یانە ئیتاڵیەكە نیازی فرۆشتنی یاریزانە پورتوگالیەكەیان نییە و بە ئەستێرەی یەكەمی یانەكەیان دەزانن.

ئاماژەی بەوەشداوە، تەنانەت یانە كەتەلۆنیەكە ناتوانێت بە بڕە پارەیەكی زرۆیش ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ئەگەر بڕەكەشی 175 ملیۆن یۆرۆ بێت كە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیەتی چونكە كاتی ئەو مەرجە بەسەر چووە و هەر هەوڵێك بۆ ئەو یاریزانە بدات دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ كارگێڕی میلان بكات كە ئەوەش قورسە رازیكردنیان.

لیاو لە 2019ەوە پەیوەندی بە میلانەوە كردوە و گرێبەستەكەشی لە هاوینی 2028 كۆتاییدێت، تا ئێستا 211 یاری بە درێسی ئەو یانەیەوە ئەنجامداوە و نازناوێكی خولی ئیتاڵیای لەگەڵدا بەدەستهێناوە.