لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا، لیۆنێل میسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یاریزانی نوێی یانەی ئینتەر میامی ئەمریكی وەڵامی پرسیاری چەند هاوكارێكی لە هەڵبژاردەی تانگۆ دەداتەوە و ئاماژە بە نزیكبوونەوەی لە وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی دەكات.

ئیزكویل پالاسیۆس لە میسی دەپرسێت، كە تا كەی لەگەڵ ئەرجەنتین بەردەوام دەبێت، ئەویش دەڵێت "نازانم، بەڵام دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال دەمەوێت چێژوەربگرم، بەپێی لۆژیك و تەمەن، كۆتایی هاتنم لەگەڵ هەڵبژاردەكەم نزیكە".

نیكۆلاس تالیافیكۆ لە میسی دەپرسێت ئەو پلانە چی بووە وایلێكردووە بەردەوامبێت لە تەواوی ئەم ساڵانەدا؟ لە بەرامبەردا میسی دەڵێت "ئەقڵیەت و بەردەوامبوونی هەمیشە و ئارەزووی بەدەستهێنانی زیاتر و قوربانیدان و هەوڵدان بووە".

لیساندرۆ مارتینێزیش پێی دەڵێت لای تۆ هەڵبژاردەكەت چی دەگەیەنێت؟ میسی دەڵێت "باشترین شتە بەلای منەوە و بە درێژایی كاروانەكەشم ئەمەم سەلماندووە، زۆر كاتی قورسیشمان بەسەربرد، ئەو كات هەموو شتێكم لەگەڵ بەرشەلۆنە بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەرجەنتین وانەبوو".

هاوكات میسی لە وەڵامی پرسیاری جولیان ئەلڤارێز لە بارەی چۆن وەك میسی هەڵسوكەوت دەكات و دەڵێت "هەمیشە بەشێوەیەكی ئاسایی دەژیم، پێمخۆشە چێژ لە كاتەكانم لەگەڵ خێزانەكەم و هاوڕێكانم وەربگرم، هاوبەشییان لەگەڵدا بكەم لە شتە سادەكاندا، وەك چوون بۆ قوتابخانە لەگەڵ منداڵەكان و یاریكردن لە باخچەكە".