رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتینی بڵاویكردووەتەوە، لیۆنیل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەر میامی ئەمریكی دەیەوێت لە ساڵی 2025دا چەند نازناوێكی نوێ بۆ خەزێنەی نازناوەكانی زیاد بكات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، میسی لە ساڵی نوێدا ئەگەری بردنەوەی هیچ نازناوێكی نییە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین چونكە تەنها پاڵاوتنەكانی مۆندیال ئەنجامدەدات.

بەڵام هەلی ئەوەی لەبەردەمدایە لەگەڵ یانەی ئینتەر میامی پێنج نازناو بەدەستبهێنێت كە بریتین لە جامی جیهانی یانەكان و خولی ئەمریكا و جامی كۆنكاكاف و قەڵغانی هاندەران و جامی خولەكان.

رونیكردووەتەوە، ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە بەپەرۆشیەوە خۆی ئامادەدەكات بۆ بەشداریكردن لە جامی جیهانی یانەكان و دەیەوێت یەكەم نازناوی ئەو پاڵەوانێتییە بە شێوازە نوێیەكەی بەدەستبهێنێت.

ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە لە 2023ەوە پەیوەندی بە ئینتەر میامیەوە كردووە و تا ئێستا نازناوەكانی جامی خولەكان و قەڵغانی هاندەرانی لەگەڵدا بەدەستهێناوە، گرێبەستەكەی لە كۆتا رۆژی مانگی 12ی 2025 كۆتاییدێت و تا ئێستاش لە 39 یاریدا 34 گۆڵی بۆ تۆماركردووە و 18 ئەسیستی هەیە.