لیۆنێل میسی لەلێدوانێكیدا پاش بردنەوەیان لە بۆلیڤیا رایگەیاند، هیوادارە ئامانجەكان بەدیبهێنێت بۆ ئەوەی ساڵەكە بە باشی لەگەڵ یانەكەی كۆتایی پێبهێنێت، دواتر رۆژ بە رۆژ چێژ لە بەدەستهێنانی دەستكەوتەكان وەربگرێت.

وتیشی هیچ بەروارێكم دانەناوە بۆ وازهێنانم لە یاریكردن، تەنیا دەمەوێت چێژ لە هەمووی وەربگرم، لە هەموو كاتێك زیاتر بە پەرۆشم بۆ ئەوەی لێرە بم و هەست بە خۆشەویستی خەڵك بكەم، چونكە دەزانم ئەمە دوایین یارییەكانە، لەگەڵ هەڵبژاردەكەم.

لیۆ وتیشی چێژ لە دڵخۆشبوون وەردەگرم، سەرەڕای تەمەنم كاتێك لێرەم هەست بە گەنجێتی دەكەم، چونكە لەگەڵ ئەم تیمە ئاسوودەم، تا ئەو كاتەیی هەست بە ئاسوودەیی بكەم و بتوانم ئەو نمایشە پێشكەش بكەم كە دەمەوێت، بەردەوام دەبم.

لیۆ ئاماژەی بەوەكرد هەست بە خۆشحاڵییەكی زۆر دەكات دوایی ماوەیەكی زۆر لە خاكی ئەرجەنتین یاری كردەوە، كاتێك لەبەردەم هاندەران یاریی دەكەیت چێژی لێ وەردەگریت، هاندەرانیش پەیوەندییەكی تایبەتیان هەیە دوای هەموو شتێك كە بەدەستیان هێناوە.

لەكۆتاییدا وتی زۆر دڵخۆشم، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی هەستم بە باشی دەكرد لەرووی جەستەییەوە و هێزم هەیە بۆ ئەوەی خێرا رابكەم، كاتێك هاندەران ناوم دەڵێنەوە بە پەرۆش دەبم بۆ یاریكردن.