نەیمار رایگەیاند ئەزموونی من و میسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان وەك دۆزەخ وابوو و زۆر هەستمان بە ناخۆشی كرد.

نەیمار لە چاوپێكوتنێكدا بۆ ڕۆژنامەی ئۆ گڵۆبی بەڕازیلی ڕایگەیاند كە دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال دڵخۆش بووم بۆ مێسی، هەروەها زۆر دڵتەنگ بووم ، چونكە قۆناغێكی سەختم لە پاریس سانجێرمان تێپەڕاند.

نەیمار وتیشی : مێسی لە ساڵانی ڕابردوودا هەموو شتێكی بردەوە ، بەڵام لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە دۆزەخدا ژیاوە ، ئێمە پێكەوە دۆزەخمان بەسەر برد لە یانە فەرەنسییەكە ، هەستمان بە خراپیی دەكرد.

لە درێژەی قسەكانیدا وتی: كاتێ میسی روویكردە پاریس زۆر دڵخۆش بووم كە پێكەوە لە پاریس سانجێرمان یاری دەكەین ، ئێمە یەكگرتوو بووین بۆ ئەوەی بتوانین مێژوو تۆمار بكەین ، بەڵام سەركەوتوو نەبووین.

یاریزانە بەرازیلیەكە ماوەی شەش ساڵ لە یانە فەرەنسییەكە بوو توانی لەگەڵ یانەكە 173 یاری ئەنجام بدات 118 گۆڵ تۆماربكات و 77 ئەسیستیش بۆ هاورێكانی دروستبكات.