
نەیمار دا سیلڤای یاریزانی یانەی هیلالی سعودی لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، وڵاتی سعودیە خاوەنی پرۆژەیەكی گەورەی تۆپی پێیە و دەتوانێت بە باشترین و جوانترین شێواز میوانداری مۆندیال رێكبخات.
نەیمار وتی، هەست بە دڵخۆشیەكی زۆر دەكەم كە بەشێكم لە پرۆژە گەورەكەی سعودیە، دەمەوێت بە باشترین شێوە بەشداربم لە سەركەوتنی ئەو پرۆژەیەدا، وڵاتێكی ناوازەیە و پلانی هەموو شتێكی داڕشتووە.
وتیشی: خولی سعودیە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر گەورە و بەهێز دەبێت و چەندین ئەستێرەی تیادایە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ یەكەم كەس بووە چووە ئەو وڵاتە و یاریزانێكی نمونەیی تۆپی پێیە، جگە لەوەش كەریم بنزیمەش یەكێكە لە ئەستێرە گەورەكان.
ئاماژەی بەوەشدا، پێش ئەوەی بچێتە سعودیە تێڕوانینی جیاوازی بۆ ئەو وڵاتە هەبووە بەڵام دواتر سەرسام بوو پێیان لەڕووی رێزگرتن و جوانی وڵاتەكەوە، كاتێك سەردانی ئەو وڵاتە دەكەیت جوانیەكی جیاواز دەدۆزیتەوە.
رونیشیكردەوە، رۆژانە خەڵكی سعودیە بە شێوازێكی نایاب مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەستێرانە دەكەن كە هاتونەتە خولەكەیان، بە دڵنیاییشەوە لە ماوەی داهاتوودا چەندین یاریزانی تری گەورەی تۆپی پێ روو لە وەرزشی ئەو وڵاتە دەكەن.