ڕۆدریگۆ پاڤیا وتەبێژی فەرمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل هۆكاری دوورخستنەوەی نەیماری، یاریزانی یانەی هیلال لە لیستی یاریزانەكانی سامبا بۆ پاڵاوتنی جامی جیهانی، بۆ ئامادەنەبوونی یاریزانەكە گەراندەوە لەڕووی توانای جەستەییەوە.
لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئەستێرەكەی هیلال تووشی پێكانێكی قورس هات و تائێستا نەیتوانیوە بەشداری هیچ یارییەك بكات.
پاڤیا لە لێدوانەكانیدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلریادیەی سعودی ڕایگەیاند، نەیمار لە لیستی بەرازیل دوور خرایەوە بەهۆی ئامادەنەبوونی و چاك نەبوونەوەی لە پێكانەكەی كە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تووشی بوو.
پاڤیا ئاماژەی بەوەشكرد، دوورخستنەوەی نەیمار بە شتێكی ئاسایی دادەنرێت، چونكە دوای پێكانەكەی تا ئێستا هیچ یارییەكی ئەنجام نەداوە، لە قۆناغی داهاتووشدا وردە وردە دەست بە گەڕانەوە دەكات بۆ یاریگاكان.
هەڵبژاردەی بەرازیل ئامادەكاری دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیكوادۆر پێش ئەوەی لە دوو یاری پاڵاوتنەكانی ئەمریكای باشوور بۆ مۆندیالی 2026 میوانداری پاراگوای بكات.