
نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، یەكەم كێشەی لە سعودیە نایەوە، پاش ئەوەی لەگەڵ راهێنەری یانەكەیدا كەوتە كێشەوە.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشكرایكردووە، لە دوای یاریی نێوان هیلال و ناڤباخوری ئۆزبەكی، لە گەڕی یەكەمی یارییەكانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، نەیمار و جۆرجی خیسۆسی راهێنەری یانەكە، بووەتە دەمەقاڵەیان.
هیلال لە یارییەكەدا، وێڕای یاریكردنی لەسەر یاریگەی خۆی، بە گۆڵێك لەگەڵ ناڤباخور یەكسانبوو و ئەوەش وەك شۆكێك وابوو بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە، لە كاتێكدا تیپەكە لە هاوینی ئەمساڵدا چەندین یاریزان و ئەستێرەی گەورەی بردووەتە ریزەكانییەوە.
نەیمار لە یارییەكەدا ئاستێكی خراپی پێشاندا و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی تیپەكەی نەبوو.
رۆژنامە ئیسپانییەكە دەڵێ، تەنگژەكە ئەوكاتە روویداوە كە لە ژووری جلگۆڕیندا دوای یارییەكە، خیسۆسی راهێنەر رەخنەی لە نەیمار گرتووە لەبەرچاوی یاریزانانی دیكە یانەكەدا و نەیمار بە قسەكانی راهێنەرەكەی تووڕە بووە.
نەیمار لە یارییەكەدا، وەك رۆژنامە ئیسپانییەكە دەڵێ، "ئاستێكی باشی نەبوو و هەڵسوكەوتی جێگەی رەزامەندی نەبوو، گۆڵی نەكرد و نزیكبوو لەوەی بەهۆی تووندوتیژییەوە لە یارییەكە بكرێتە دەرەوە".
رۆژنامەكە دەڵێ، لەبەرامبەر قسەكانی خیسۆسدا، نەیمار بەتووندی وەڵامی داوەتەوە و تەنانەت داوای دوورخستنەوەی لە تیپەكە كردووە.
رۆژنامەكە زیاتر دەڵێ، لە دوای یارییەكە، بەرپرسانی هیلال لەگەڵ خیسۆس كۆبوونەتەوە و ئاگاداریان كردووەتەوە ئەگەر ئەنجامەكانی تیپەكە بەرەو باشیی نەچن، ئەگەری دوورخستنەوەی لە مەشقدانی یانەكە دێتە ئاراوە.