دوای بردنەوەكەی بەرامبەر شەباب لە خولی ڕۆشنی سعودی، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی هێرشبەری یانەی نەسڕ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنوسیدا دڵخۆشی خۆی بە بردنەوەی یارییەكە دەربڕی و پیرۆزباییش لە یانەكەی و هاندەرەكانی دەكات.

ڕۆناڵدۆ دەڵێت "ڕیمۆنتادایەكی جوان بوو دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ لە دواوەبووین بەرامبەر تیپێكی ناوازە، ئەمەش دووپاتكردنەوەی بەهێزی كاراكتەری تیپەكەمانە".

ڕۆناڵدۆ ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر شتیان هەیە لە یارییەكانی داهاتوودا پێشكەشی بكەن و هێشتا نازناوی خولەكە لە یاریگادایە و تا دوایین یاری تێدەكۆشن و هاوكات ستایشی خولی ڕۆشنی سعودیش دەكات.

كریستیانۆ دەڵێت "خولی ڕۆشن بەهێزە و ئاسان نییە و وەرزی داهاتوو بەهێزتریش دەبێت، هاوكات پێویستی بە پاڵپشتی چەند ئەستێرەیەك و یاریزانی ناوازە هەیە بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو ئاستی بەرزتربێت و ببێت بە یەكێك لە بەهێزترین پێنج خولەكان لە جیهاندا، پێموایە ئەم وڵاتە توانای سەرسوڕهێنەری هەیە و خەڵكەكەی سەرنجڕاكێشن و دەبێتە خولێكی مەزن".