
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، شارەزا لە گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لە ئەوروپا دووپاتیكردەوە، یانەی قادیسیەی سعودی گرێبەستێكی دوو ساڵەی پێشكەش بە ناچۆ كردووە و یاریزانەكەش بە گرێبەستەكە رازیبووە، دوای ئەوەی گواستنەوەی یاریزانەكە بۆ یانەی ئیتیحاد شكستیهێنا.
فابریزیۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پشكنینی پزیشكی بۆ بەرگریكارە ئیسپانیەكە كراوە و بە فەرمی پەیوەندیكردنی بە یانەكەوە رادەگەیەندرێت هەركاتێك بەڵگەنامە پێویستەكان واژۆكران.
رۆژنامەی ماركاش هەمان بابەتی پشتراستكردووەتەوە، هەروەها موچەی یاریزانەكەی ئاشكرا كردووە كە نزیكەی 10 ملیۆن یۆرۆ دەبێت بۆ هەر ساڵێك.
ئەمەش دوای ئەوەدێت یانەی ئیتیحاد هەوڵی بەدەستهێنانی یاریزانەكەی دەدا، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتن لەسەر مەرجە كەسییەكانی بەرگریكارە ئیسپانیەكە شكستی هێنا.
ناچۆ وەرزی رابردوو لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەشداری لە 45 یاریدا كرد و توانی گۆڵێك تۆمار بكات، تەمەنی یاریزانەكە 34 ساڵە و نرخی لە بازاڕی گواستنەوەدا سێ ملیۆن یۆرۆیە.