نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاكیی نەتەوە یەكگرتووەكان و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە بەرازیل سەردانی یانەی فلومێنێنسیی كرد و لە نزیكەوە چاوی بە مارسێلۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی فلومێنێنسی كەوت.

 لە یاریی نێوان هەردوو یانەی فلومێنێنسی و باهیا لە ركابەرییەكانی خولی تۆپی پێی بەرازیل، نادیە موراد سەردانی یانەكەی كرد و لەنێو یاریگەی ماراكانا ئامادەی یارییەكە بوو، كە فلومێنێنسی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یارییەكەی بردەوە.

 لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەو یانەیە، نادیە چاوی بە سەرۆكی یانەكە ماریۆ بینتێنكۆرت و یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی تۆپی پێی بەرازیل كەوت، كە مارسێلۆیە و پێشتر یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو، ئێستاش لە یانەی فلومێنێنسی یارییدەكات.

مارسێلۆ درێسێكی ژمارە 12 كە خۆی ئەو ژمارەیە دەپۆشێت بە واژۆی خۆی و ناوی نادیە موراد پێشكێشی باڵیۆزی نیازپاكیی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

یانەی فلومێنێنسی لەبارەی پێشوازییكردن لە نادیە موراد لەسەر ماڵپەری خۆی نووسیوویەتی "نادیە موراد لەلایەن ماریۆ بینتێنكۆرتەوە پێشوازیی لێكرا و خەڵاتێكی تایبەتی پێدرا كە لەسەری نووسراوە ئێمە مێژوویین و چالاكڤانەكە لە شوێنی تایبەتی یاریگەدا سەیری بردنەوەی یانەكەمانی كرد بەرامبەر یانەی باهیا."

نادیە موراد لەبارەی ئەو سەردانەی بۆ یاریگەی ماراكانا و چوونی بۆ سەیركردنی یارییەكە بە ماڵپەری یانەی فلومێنێنسیی گوت "دەزانم وڵاتێكی دوورە، بەڵام لە عێراق بەهۆی تۆپی پێوە زۆر شت لەبارەی بەرازیلەوە دەزانین، پێشتر لەگەڵ براكانم سەیری یارییەكانی بەرازیلم دەكرد و دەزانم تۆپی پێ چۆن دڵخۆشی بۆ ئەو وڵاتانەی وەك عێراق دەهێنێت، كە هیچ شتێكی ئاوایان نییە، من زۆر شت بەهۆی تۆپی پێوە لەبارەی بەرازیل دەزانم و زۆر دڵخۆشم كە لێرەم و بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەیری یارییەكە دەكەم."