
جولیان ناگلیسمان، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دوای بردنەوەیان بەرامبەر هەنگاریا وتی: لە سەرەتاوە یاریمان بە بڵاوی دەكرد و لە كەشوهەوای یارییەكەدا نەبووین.
وتیشی: یاریكردن لەسەر ئەو یاریگایە ئاسان نەبوو، كەمێكیش كۆنترۆڵمان لەدەستدا، بەڵام دواتر بیرۆكەی باشمان هەبوو، لەگەڵ یارییەكشدا خۆمان گونجاند و كۆنترۆڵمان كرد و زۆرباش یاریمان كرد.
ناگلیسمان دەشڵێت: تەنها شتێك ئەوەیە كە دەبوو لە تایمی یەكەمدا بە گۆڵی زیاتر پێشبكەوین، ئەمەش بابەتێكی دراماتیك نییە، بەڵام لە یارییەكی لەم شێوەیە كە باڵادەستبیت دەبێت بە گۆڵێكی زیاتر پێشبكەوی.
ئاماژەی بەوەشكرد، جەمال موسیالا پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەورەها رەنگە رۆژێك لە رۆژان لەگەڵ ڤێرتز بتوانن ببنە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر.
باسی لەوەشكرد، هاڤێرتز زۆر نایابە و توانای هەیە لە پۆستی جیاوازدا یاری بكات، هەروەها راكردنێكی نایابی هەیە و یاریزانێكی زیرەكە بەڵام بەرامبەر هەنگاریا كەمێك بێبەخت بوو.