
ناسر خلێفی سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان لە لێدوانەكانیدا بۆ ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی وتی: شانازی بەو شتانە دەكەم كە وەرزی ڕابردوو بەدەستمانهێنا و ئەو گۆڕانكارییە نایابەی كە لە پاریس سانجێرمان ڕوویدا.
دوپاتیشیكردەوە، لە ئێستادا تیپەكە سەرنجی لەسەر توخمە گەنج و بەتواناكانە، لە هەموو شتێكیش گرنگتر ئەوەیە كە تیپەكە بە كۆمەڵە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە كۆمەڵبوون بنەمای قۆناغی داهاتووی گەشەپێدانیانە، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەكانیان لە دەرەوەی یاریگا بە دروستكردنی ناوەندێكی نوێی مەشق و هاوكاریكردن لەگەڵ وەبەرهێنەرێكی ئەمریكی پەرەپێداوە.
خلێفی دەشڵێت: لویس ئینریكی و لویس كامپۆس، كارێكی نایابیان كرد، منیش فێربووم كە ڕۆحێكی ئەرێنی سەرسوڕهێنەر لە نێو یاریزانانی تیپەكەدا هەیە لە مەشق و ڕاهێنانەكاندا بە شێوەیەكی بێ وێنە، هەروەها حەماسەت و ئارەزووی سەركەوتنی بەكۆمەڵ هەیە.
باسی لەوەشكرد، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان چیتر هیچ یاریزانێكی تاكەكەسی نییە، بەڵكو تیپەكەمان ئەستێرەی یەكەمە و لە ئێستاشدا دەدرەوشێتەوە.