
ریاڵ مەدرید ئەم وەرزەی بە ناخۆشی دەستپێكرد و لە یەكەمین یاریدا لەگەڵ مایۆركا یەكسان بوو لە خولی ئیسپانیا، هەوڵێكی ناخۆشتر بۆ مێرەنگییەكان پێكانی جود بێلینگهامی ئەستێرەی یانەكە بوو لە راهێنانەكان.
زانیارییەكان هەرزوو بڵاوكرانەوە كە یاریزانە ئینگلیزیەكە تا سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر ناگەڕێتەوە و بەوەش چاوەڕوان دەكرێت لە شەش بۆ حەوت یاری داهاتووی یانەكەی بێبەش بێت.
بەپێی نوێترین زانیاریی كە رۆژنامە باوەڕپێكراوەكانی جیهان بڵاویانكردووەتەوە، پێكانی جود لە ماسوولكەی سەرووی پووزیەوەیە و بە دیاریكراوی بەشی پشتەوەی ئەژنۆ، وە لە ماسوولكەیەكدایە بە ناوی پلانتەرس كە زانیارییە پزیشكیەكان كۆكن لەسەر ئەوەی تەنانەت رێژەی سەدا 10ی هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی هەرگیز تووشی نابن، لەبەرئەوەی ئەو ماسوولكەیان هەر نییە.
دوای پێكانەكەی، بێڵینگهام پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە ئەو هێندەی پێكان رقی لە هیچ شتێك نابێتەوە، بەڵام واشی بینی كە رەنگە ئەوە ئیتر جەستەی بێت پێویستی بە پشوویەكی باش هەبێت دوای وەرزێكی پڕ لە شەكەتی.