
شەوی یەكشەممە یاریگای سان مامێس بۆ بەرشەلۆنە باش نەبوو، یانەكە نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت بەرامبەر میواندارە بەهێزەكەی و بە بێ گۆڵ یەكسان بوو لەگەڵیدا، یەكێكی تر لە بەدبەختیەكانی یانەكەش ئەوەبوو لەو یارییەدا پێدری و فرانكی دی یۆنگیش تووشی پێكان بوون.
ئەو دوو یاریزانە گرنگیەكی زۆریان هەبوو بۆ پێكهاتەكەی بەرشەلۆنە و پێدەچێت پێكانەكانیشیان قورس بێت و ماوەیەكی زۆر لە یاریگاكان دووربكەونەوە، بێگومان نەبوونیشیان دەبێتە كێشەی گەورە بۆ یانەكە.
پێشتر ستافی پزیشیكی پێكانی هەردوو یاریزانەكەی راگەیاند و دەربارەی پێدریش ئاماژەی بەوەكرد، ئەستێرەكە تووشی پێكانیك بووە لە رانی راستیدا، رۆژنامەكان سەبارەت بە ماوەی دووركەوتنەی باسیان لەوەدەكرد پێنج هەفتە بۆ شەش هەفتە دەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئێل چیرینگیتۆ دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە پێدری تا كۆتایی وەرز نەگەڕێتەوە یاریگاكان.
لەم بارەیەوە خۆسێ ئەلڤارێز لە بەرنامەكە وتی: لە بەرشەلۆنە پێیان وتم ئەگەر پێدری بتوانێت لە دوو مانگی داهاتوودا چاك بێتەوە، ئەوە مانای وایە هەموو شتێك بە پێی پلانەكان بەڕێوەچووە، بەڵام تیمی پزیشكی گومانیان هەیە كە بتوانێت لە پێكانەكەی چاك بێتەوە لەو ماوەیەدا چوونكە هەمان پێكانی پێشوویەتی.
راشیگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئەمە سێیەم پێكانیەتی لەم وەرزەدا و دووەم پێكانێتی لە هەمان شوێندا، ئەگەری زۆرە كە پرۆسەی چاكبوونەوەكەی كاتێكی زۆر بخایەنێت و ئەم وەرزە لەدەست بدات، لەبەر ئەوەش یاریزانەكە پێویستە سەرنجی لەسەر یۆرۆی 2024 بێت.