
سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بە ئاژانسی هەواڵی ئی ئێن ئییان ڕاگەیاندووە، یەكەی ئۆپەراسیۆنی ناوەندی پاسەوانی مەدەنی هەڵیانكوتایە سەر بارەگای یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا و بەدوای زانیاری لەسەر گرێبەستە گوماناوییەكانی پێنج ساڵی ڕابردوو گەڕاوە و هەروەها هەندێك ئەندامیشیان دەستگیركردووە سەبارەت بەو دۆسیەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن دادگای پلە یەك و ڕێنمایی ژمارە 4ی شاری مەدرید بە هەماهەنگیی داواكاری گشتی دژ بە گەندەڵی و تاوانی ڕێكخراو سەرپەرشتی دەكرێت.
بریكارەكان لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە دەكەن كە پەیوەندییان بە گەندەڵی بازرگانی و خراپ بەڕێوەبردن و سپیكردنەوەی پارە هەیە، زیاتر لە دە گەڕان و پشكنین كراوە ماڵە تایبەتەكاندا و حەوت كەسیش دەستگیركراوە.
دادگای پلە یەك و ڕێنمایی ژمارە 4ی شاری مەدرید، دەستیكردووە بە پێداچوونەوە بە گرێبەستی گواستنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودیە، كە لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی یەكێتیەكە، لویس ڕوبیالیس و جیرارد پیكێی ئەستێرەی پێشووی بەرشەلۆنەوە واژۆكراوە.
بە پێی راپۆرتەكە، یەكێك لەو شوێنانەی كە پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن، ماڵی لویس ڕوبیالیس سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیایە لە شاری گرانادا، كە پێیان وایە بەڵگەنامە و گرێبەستەكانی لەوێ شاردوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا ڕوبیالێس لە ئیسپانیا دەرچووە و لەو وڵاتە نییە.