
لەكاتێكدا گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لەسەر ئاستی خولە گەورەكانی ئەوروپا 28 رۆژی ماوە كۆتاییبێت، هەمووان چاوەڕێن ریال مەدرید گرێبەستی كیلیان ئێمباپێ واژۆ بكات و یاریزانەكە بباتە ریزەكانی، بەڵام لەسەر فەرمانی سەرۆكی یانەكە، قسەكردن لەبارەی یاریزانەكەوە رادەگیرێت.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بە سەرجەم ئەندامەكانی یانەكەی گوتووە، ئیدی بەسە و تاوەكو كاتێكی نادیار قسەكردن لەبارەی گفتوگۆكردن لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەكە رابگرن و خۆیان بەو پرسەوە سەرقاڵ نەكەن.
ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت "سەرچاوەكانی نزیك لە ریال مەدرید پشتڕاستیدەكەنەوە كە پێرێز بڕیارییداوە قسەكردن لەسەر پرسی گواستنەوەی یاریزانەكە رابگیرێت و پێی وایە ئیدی پاریس سانجێرمان چووەتە نێو قۆناخێكەوە، كە قۆناخی بێ ئومێدبوونە و یانەكە خۆی پێویستیی بەوەیە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بكات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ كیلیان ئێمباپێ واژۆ بكات."
بەپێی ئەو سەرچاوەیە فلۆرێنتینۆ پێرێز بە ئەنجوومەنی كارگێڕیی یانەی ریال مەدرید گوتووە " ریال مەدرید پەلە ناكات، پاریس سانجێرمان ترسی لەوەیە ئێمباپێ بێبەرامبەر لە یانەكە بڕوات، بۆیە پێویستە ئەوان پەیوەندیمان پێوە بكەن بۆ گواستنەوەی یاریزانەكە نەك بەپێچەوانەوە."
ئەم هەنگاوەی ریال مەدرید لەكاتێكدایە، كیلیان ئێمباپێ دوای كۆتاییهاتنی وادەی كاركردن بە بەندی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانە فەرەنسییەكە وەردەگرێت و هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی وەرزی نوێش لەگەڵ پاریس سانجێرمان بێت، بۆ ئەوەی سەرجەم پاداشتە داراییەكانی لە یانەكە وەربگرێت.