فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی گفتوگۆی لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی یانەكەی كردووە و لە داهاتووی دڵنیای كردووەتەوە.

تۆڕی دیڤینسا سێنتراڵی ئیسپانی بڵاویكردەوە، پێرێز ڤینیسیۆسی دڵنیا كردووەتەوە لەوەی كە لە ماوەیەكی كەمی داهاتوودا و زۆر بە زوویی دەبێتە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر كە دەدرێت بە باشترین یاریزانی وەرز.

ئاماژەی بەوەشداوە، دوای بردنەوەی یانەكەی لە بەرشەلۆنە و بوون بە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا، سەرۆكی یانەی شاهانە ئەو قسانەی لەگەڵ هێرشبەرە بەرازیلیەكە كردووە.

لە ئێستاشدا، ڤینیسیۆس ئامادەكاری دەكات بۆ یاری داهاتووی یانەكەی لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئەتلەتیكۆ مەدرید كە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت و ئامانجیشی ئەوەیە لەم وەرزەدا وەك سەركردەی یانەكە ببینرێت.