مانۆلۆ رۆمێرۆ كە یەكێكە لە یاریزان دۆزەرەوەكان بۆ یانەی ریاڵ مەدرید لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆی كادینا سێر رایگەیاند، تا ئەم ساتەش ئێرلینگ هالاند یەكێكە لە ئامانجەكانی یانەی شاهانە.

مانۆلۆ دوپاتیكردەوە كە فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید وازی لە بیرۆكەی ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ هالاند نەهێناوە و ئامانجی ئەوەیە خەونەكەی بهێنێتە دی كە بوونی هالاند و مباپێیە لە هێڵی هێرشبردنی یانەكەیدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێرێز هەر كاتێك شتێكی ویستبێت بەدەستیهێناوە و ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی هێرشبەرە نەرویجیەكە بكاتە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە، چاوەڕێی ئەوەیە پیپ گواردیۆلا بڕیاری رۆیشتن لە مانچستەر سیتی بدات ئەو كاتە یاریزانەكەش ئارەزووی رۆیشتن لە یانە ئینگلیزیەكە دەكات و گواستنەوەی ئاسان دەبێت.