لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیال بۆ ئەمریكای باشور، هەڵبژاردەی بەرازیل بووە میوانی پاراگوای.

لە تایمی یەكەم كوڕانی پاراگوای لە سەرەتاوە گورزی خۆیان وەشاندو لە خولەكی 20 بە گۆڵێكی دیێگۆ گۆمێز پێشكەوتن و ئەو تایمە بەو ئەنجامە كۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم كوڕانی سامبا هەموو هەوڵەكانی خۆیان خستنەگەڕ بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە بەڵام سەركەوتوو نەبوون و یارییەكە بە گۆڵێكی بێوەڵام بە بردنەوەی پاراگوای میواندار كۆتایی پێهات.

بەم ئەنجامەش بەرازیل پاش ئەنجامدانی هەشت یاری خاوەنی تەنیا 10 خاڵە و لە پلەی پێنجەم دێت، پاراگوایش نۆ خاڵی كۆكردوەتەوە و لە پلەی حەوتەم جێگیربووە.

لە یارییەكی تریشدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوان كۆڵۆمبیا.

تایمی یەكەم بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە سوودی كۆڵۆمبیا كۆتاییهات، گۆڵەكەش مۆسكێرا لە خولەكی 25 تۆماریكرد.

لە تایمی دووەمدا و لە خولەكی 48 نیكۆ گۆنزالێس ئەنجامەكەی بۆ ئەرجەنتین یەكسانكردەوە بەڵام لە خولەكی 60 جەیمس رۆدریگێز بە لێدانی سزا كۆڵۆمبیای پێشخست و سەرەنجام یاریەكەیان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك بردەوە.

بەو ئەنجامە، ئەرجەنتین بە كۆكردنەوەی 18 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیدا مایەوە، كۆڵۆمبیا 16 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمدایە.