تۆڕی سكای سپۆرت بڵاویكردووەتەوە، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی هەوڵەكانی دەستپێكردووە بەمەبەستی رازیكردنی محەمەد سەڵاحی میسڕی و یاریزانی یانەی لیڤەرپوڵ.

تۆڕەكە ئاشكرایكردووە، بەرپرسانی پاریس ئۆفەرێكی خەیاڵیان پێشكەشی محەمەد سەڵاح كردووە بە مووچەی هەفتانەی 500 هەزار یۆرۆ لە كاتێكدا مووچەكەی ئێستای لە لیڤەرپوڵ 400 هەزار یۆرۆی هەفتانەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لەوەش ئەو ئۆفەرەی یانە فەرەنسیەكە بۆ ئەستێرە میسڕیەكە بۆ ماوەی سێ وەرزە واتا تا هاوینی ساڵی 2028 لە كاتێكدا لیڤەرپوڵ دەیەوێت گرێبەستی یاریزانەكە بۆ یەك یان دوو وەرز نوێبكاتەوە و تەنانەت مووچەكەی ئێستای كەمترە لە چاو ئەو مووچەیەی كە یانە فەرەنسیەكە پێشكەشی كردووە.

رونیشیكردووەتەوە، ئێستا بڕیارەكە لەدەستدا محەمەد سەڵاحدایە و ئەگەر رازیبێت بەو ئۆفەرە ئەوا بە دڵنیاییەوە لە هاوینی ئەمساڵدا بە گرێبەستێكی ئازاد پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانەوە دەكات.

لەلایەكی ترەوە، رۆژنامەی لو باریزیانی فەرەنسی ئاشكرایكردووە، لویس ئینریكی راهێنەری پاریس سان جێرمان داوای كردووە بە هەر نرخێك بێت دوسان ڤلاهۆڤیچی یاریزانی یۆڤانتۆسی بۆ بگوازنەوە تا وەك هێرشبەری سەرە ڕم یاری پێبكات.