یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات كیلیان ئێمباپێ رازی بكات، گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە پاشان لە یانەكە بڕوات. ئەو یانەیە پلانێكی داناوە بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی بۆ سێ ساڵ نوێبكاتەوە.

 بەپێی دوایین گۆڕانكارییەكان، رۆژی سێشەممە ناسڕ خلێفی، سەرۆكی یانەی پاریسی قسەی لەگەڵ ئێمباپێ كردووە و پێیگوتووە لەسەر ویستی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا دەمانەوێت گرێبەستەكەت بۆ سێ وەرز نوێبكەیتەوە و گەرەنتی ئەوەت دەبێت هاوینی ساڵی داهاتوو بەرامبەر 200 ملیۆن یۆرۆ لە یانەكە بڕۆیت.

 ئەم هەوڵدانەی خلێفی لە پێناو ئەوەیە یاریزانەكە بێبەرامبەر لە یانەكە نەڕوات، دوای 10 رۆژی دیكەش وادەی كاركردن بە بەندی نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانەكە بۆ ساڵێكی دیكە كۆتاییدێت.

ئەو كەسانەی كار بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید دەكەن، بە یاریزانەكەیان گوتووە، تاوەكو 31ـی ئەم مانگە هیچ دەستەوارەیەژ بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی قبوڵ نەكات، بۆ ئەوەی پاداشتە داراییەكەی لە پاریس سانجێرمان وەربگرێت، كە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ، كە ئەمەش كرا لە مانگی داهاتوودا پاریس سانجێرمان ناچار دەبێت یاریزانەكە بفرۆشێت.

ریال مەدرید نایەوێت زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانەكە خەرج بكات، پاریس سانجێرمان ئامانجی ئەوەیە بە 200 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەكە بفرۆشێت و 50 ملیۆن یۆرۆش وەك گۆڕانكاری لە گرێبەستەكەیدا هەبێت.

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ریال مەدرید لەسەر مەرجە تاكەكەسییەكان لەگەڵ ئێمباپێ رێككەوتووە، مووچەی یاریزانەكە 60 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، بەڵام یانەكە هیچ هەنگاوێك نانێت تاوەكو پاریس بڕیاری فرۆشتنی نەدات.