یانەی پاریس سان جێرمان بەنیازە مووچەیەكی دوو هێندەی بەرشەلۆنە بۆ نیكۆ ویلیامز یاریزانی یانەی ئەتلەتیك بلباو دابنێت تا نەتوانێت پەیوەندی بە بەرشەلۆنەوە بكات.

گواستنەوەی ویلیامز كاری لە پێشینەی بارشایە لەم هاوینەدا و خوان لاپۆرتا سەرۆكی یانەكە لە پێشكەشكردنی هانسی فلیكدا ڕایگەیاند كە ئامادەن هەنگاوێكی گەورە بنێن بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی پێكهاتەكەیان.

بەرشەلۆنە دڵنیایە لەوەی نیكۆ ویلیامز ئۆفەرەكەیان قبوڵ دەكات و خواستێكی زۆری بە چوون بۆ یانەكە هەیە بەڵام كەتەلۆنیەكان تەنها نین، پاریس سان جێرمانیش بەهەمان شێوە ئارەزووی گواستنەوەی ویلیامز دەكات، چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش لۆ پارسیان بڵاویكردەوە كە پاریس سان جێرمان گرنگی بە نیكۆ ویلیامز دەدات و ئامادەیە ئەو مووچەیەی بەرشەلۆنە پێشكەشی كردووە بۆ دوو هێندە زیاد بكات بۆ گواستنەوەی.

سەرەڕای ئەم دۆخە بارشا لە داهاتووی نیكۆ ویلیامزدا ئارامی گرتووە و بەڕێوەبەرانی یانەكەش پێیان وایە ئەم یاریزانە دەیەوێت وەرزی داهاتوو درێسی بەرشەلۆنە لەبەر بكات، ئەوان بەنیاز نین بڕی ئۆفەرەكەیان زیاد بكەن كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا پێشكەشیان كردووە و هیوادارن بەم زووانە وەڵامێك وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە هێمنیتر پلانی گواستنەوەكەیان دابنێن.