لەگەڵ ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمان نزیكە لە بردنەوەی نازناوی خولی فەرەنسا، بەڵام 8 یاریی لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی گالتێ دۆڕاندووە، لە خولەكی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە قۆناخی 16 دەركرا، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە بەرپرسانی یانەكە لە راهێنەرەكە ناڕازی بن و ئەگەری هەیە لە هاویندا لە پۆستەكەی دووریبخەنەوە.

 بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەكانی فەرەنسا و ئیسپانیا، پاریس سانجێرمان دەیەوێت هەرچی زووە ناوی راهێنەرێك بۆ شوێنی ئەو راهێنەرە مسۆگەربكات، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بكەن و تیپێكی بەهێزیان بۆ ئامادەبكات.

 بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، پاریس سانجێرمان لە پشت دەرگا داخراوەكان گفتوگۆ لەبارەی جۆزێ مۆرینیۆوە دەكات، دوای ئەوەش دەیەوێت كار بۆ ئەوە بكات، كە چۆن دەتوانێت مۆرینیۆ لە رۆماوە بباتە فەرەنسا.

 بەپێی رۆژنامەكە، مۆرینیۆ نزیكە یانەی رۆما بەجێبهێڵێت، لەكاتێكدا تیپێكی بەهێزی بۆ رۆما دروستكردووە و یانەكە ركابەری لەسەر گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەكات.

 جگە لە یانەی پاریس سانجێرمان، یانەی نەسڕی سعودی بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ مۆرینیۆ دەكاتەوە و ئامادەیە 120 ملیۆن یۆرۆ بداتە راهێنەرە پۆرتوگالییەكە، بەڵام زەحمەتە مۆرینیۆ بەو دەستەوارەیە رازی ببێت و ئەگەری هەیە لە كۆتاییدا بە تاقیكردنەوەی خولی فەرەنسا رازی ببێت، بەتایبەت كە مۆرینیۆ، لە پۆرتوگال، ئیسپانیا، ئینگلتەرا و ئیتاڵیا كاریكردووە و ئەزموونێكی گەورەی لە كاری راهێنەرایەتیدا هەیە.