
یانەی پاریس سانجێرمان هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی بارسێلۆنا چڕكردووەتەوە و ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ ئەوەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بشكێنێت و یاریزانەكە بباتە ریزەكانی.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەكان، عوسمان دێمبێلی ماڵئاوایی لە بەشێكی یاریزانەكانی یانەی بارسێلۆنا كردووە و بە پاریس سانجێرمانی گوتووە بەڵێ، بۆ ئەوەی كاروانی یارییكردنی داهاتووی بباتە خولی فەرەنسا و لەو یانەیە یاریی بكات.
دێمبێلی گڵۆپی سەوزی بۆ پاریس سانجێرمان هەڵكردووە، بەڕێوەبەری كارەكانی یاریزانەكە لەگەڵ پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە رێككەوتن، بۆ ئەوەی عوسمان بۆ 5 ساڵ لە بارسێلۆناوە پەیوەندی بە ریزەكانی یانە فەرەنسییەكەوە بكات، پاریس سانجێرمانیش بە نووسراوێكی فەرمی بارسێلۆنای ئاگاداركردووەتەوە و ئێستا یانەكە دەیەوێت بەباشترین رێگە گرێبەستەكە تەواوبكات و عوسمان دێمبێلی بباتە ریزەكانی.
رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی و نزیك لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "بارودۆخەكە ئاڵۆزە، چاڤی چیدیكە نایەوێت هیچ هەڵوێستێك لەبارەی ئەو پرسەوە پێشانبدات، لە دوای بردنەوەی كلاسیكۆی دۆستانەش گوتی دەبێت دێمبێلی خۆی بڕیار بدات لە كوێ یارییدەكات."
رۆژنامەكە نووسیوویەتی "عوسمان بڕیارییداوە بچێتە پاریس سانجێرمان، لە بارسێلۆنادا هەستێكی نەرێنی هەیە و لە ئەگەری رۆیشتنی یاریزانە فەرەنسییەكە قەرەبووكردنەوەی لەم هاوینەدا زۆر زەحمەت دەبێت."
تاوەكو كاژێر 12:00ـی ئەمشەو، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلی 50 ملیۆن یۆرۆیە، لە دوای ئەو وادەیە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی دوو هێندەی لێدێت و دەبێتە 100 ملیۆن یۆرۆ، پاریس سانجێرمان دەیەوێت سوود لەو چەند كاژێرە وەربگرێت كە لە بەردەمی ماون و یاریزانەكە بباتە ریزەكانی.