پەیوەندییەكانی نێوان یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و كیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەكە لەوپەڕی خراپیدان و داهاتووی یاریزانەكە لەگەڵ یانەكە روون نییە.

 دوورخستنەوەی ئێمباپێ لە كەمپی مەشقەكانی یانەی پاریس سانجێرمان بۆ ئاسیا، یاریزانەكە و نزیكەكانی بەتەواوی تووشی سەرسوڕمانكرد و هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئێمباپێ ئامادەنییە نەرمی بنوێنێت و بە داواكاریی یانەكە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی رازی ببێت.

 رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی نووسیوویەتی "ئێمباپێ و نزیكەكانی لەو بڕوایەدانەبوون ئێمباپێ لە گەشتەكەی ئاسیا دووربخرێتەوە، كاتێكیش ئەو بڕیارە دراوە ماڵباتی یاریزانەكە تووشی شۆكبوون، جگە لەوەش تووڕەن لە كارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان، لەكاتێكدا یانەكە نایەوێت ئەو یاریزانە لە هاوینی ساڵی داهاتوودا بێبەرامبەر لە یانەكە بڕوات."

بەپێی رۆژنامەكە، ئێمباپێ دەیەوێت وەڵامی ئەو بڕیارەی پاریس سانجێرمان بداتەوە، بۆ ئەوەش یاریزانەكە ئامادەیە بەدرێژایی وەرزی داهاتوو لەسەر كورسی یەدەگ دابنیشێت و سەیری یارییەكان بكات، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو بەشێوەیەكی بێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بكات.

موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "كەسێكی نزیكی ئێمباپێ گوتوویەتی كە ئێمباپێ ئامادەیە قوربانی بە هەموو شتێك بدات، بەبێ ئەوەی بەدرێژایی وەرزەكە یاریی بكات و ئەوە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەیە."

جگە لەوەش پلانی كیلیان ئەوەیە كە ئێستا هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو رووداوانەوە نەكات كە روودەدەن، بۆ ماڵبات و نزیكەكانیشی ئەمە راستە.

 شەوی هەینی یانەی پاریس سانجێرمان بڕیارییدا ئێمباپێ لە لیستی یاریزانەكانی بۆ گەشتەكەی ئاسیا دووربخاتەوە و ئەمڕۆ یانەكە بەبێ ئەو یاریزانە گەیشتە ژاپۆن، لەكاتێكدا چەند رۆژی رابردوو ئێمباپێ بەشێوەیەكی ئاسایی مەشقیكردووە و لە فەرەنسا بەشداریی لە یارییەكی دۆستانەی یانەكەدا كرد.