
میدیای ئیسپانیا ئاشكرایانكردووە لۆكا مۆدریچی كرواتی شەڕ لەگەڵ كاتدا دەكات لەپێناو گەڕانەوە بۆ ریزەكانی یانەكەی و بەشداریكردن لە یارییەكانی داهاتوودا. بەپەلەرش رووی لە سڕبیا كردووە لەپێناو هەمان بابەتدا.
مۆدریچ لە یاریی یانەكەی بەرامبەر خیرۆنا، كە بەسەركەوتنی ئەو یانایە بەسەر ریال مەدرید بە 4 - 2 كۆتایی هات، دووچاری پێكانبوو لە بەستەرەكانی ئەژنۆی چەپیدا و بەر لە تەواوبوونی یارییەكە، یاریگەی بەجێهێشت.
بەهۆی ئەو پێكانەوە لۆكا بەشداریی لەسەركەوتنی ریال مەدرید بەسەر ئالمێریا 4 - 2 نەكرد لە گەڕی 32ی لالیگا و ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە توانای بەشداریكردن لە یارییەكەی ریال سۆسیێدادیش نییە، كە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەكان گوتوویانە، ئەگەر هەیە مۆدریچ بەشداریی لە یاریی ئۆسەسۆنا لە یاری كۆتایی جامی شای ئیسپانیاش نەكات كە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ئەمە جیا لە ئەگەری دابڕان لە یاریی چوونی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە رۆژی 9ی ئەم مانگە.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشكرایكردووە، مۆدریچ پشووی كۆتایی هەفتەی قۆستووەتەوە و روویكردووەتە شاری بێلگرادی پایتەختی سڕبیا و لەوێ لە ژێردەستی یەكێك لە پسپۆرەكانی چارەسەری پێكانی یاریزانان، دەستی بەچارەسەری سرووشتی كردووە، وەك هەوڵێك بۆ ئامادەسازیی و توانای بەشداری لە یارییەكان بەرامبەر ئۆسەسۆنا و مانچێستەر سیتی.