ڕۆبینیۆی ئەستێرەی پێشووی یانەكانی ڕیال مەدرید و مانچستەر سیتی ماوەیەكە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی لە شاری ساوپاولۆ بەڕازیل زیندانی كراوە، پارێزەرەكان هیوایان خواست كە بتوانن ئازادكردنی بەدەست بهێنن لە دوایین كۆبوونەوەی دادگا بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.

دادوەر كارمێن لوسیا كە تاكە ژنە لە پانێڵی دادگای باڵای بەرازیل هاوشێوەی پێنج دادوەری دیكە دژایەتی ئازادكردنی ئەستێرەكەی پێشووی تۆپی پێی كرد و ڕایگەیاند، رۆبینیۆی 40 ساڵان پێویستە بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەكەی.

لوسیا بانگەشەی ئەوەی كرد كە هەبوونی پارێزبەندی لە حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردن بە واتای هاندانی بەردەوامی ئەم دۆخە نامرۆڤانە و دڕندانەیە بەرامبەر بە ژنان.

ئەو بڕیارە پەیوەستە بە دۆسیەی ڕۆبینیۆوە كە پێشتر لە دادگا لە ئیتاڵیا دەرچووە و سیستمی دادوەری ئەو وڵاتە داوای لە وڵاتی بەڕازیل كرد كە رۆبینیۆ رادەست بكەنەوە بۆ ئەوەی سزاكەی بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرازیل یاسایەكی نییە هاووڵاتیانی خۆی ڕادەستی وڵاتانی دیكە بكات ئەو پرۆسەیە رووی نەدا.

رۆبینیۆ لە مانگی ئازاردا لەلایەن دادگای باڵای بەرازیل بە دەنگی نۆ بەرامبەر بە دوو سزای زیندانكردنی بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەسەردا سەپێنرا.