بەگوێرەی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، كەسە نزیكەكانی ڕۆكی پێیان باشە یاریزانەكە بە هەمیشەیی لە بەرشەلۆنە بڕوات، لەبەر ئەوەی بلاوگرانا قەدری بەهرەكانی نازانێت.

هەروەها كەسە نزیكەكانی ئەوەشیان پێ وتووە كە هەموو پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرشەلۆنە بپچڕێنێت و یانەیەكی دیكە بۆخۆی بدۆزێتەوە تا خولەكی تەواوەتی بەدەستبهێنێت.

مۆندۆ جەختی كردووەتەوە، رۆكی تەمەنی 19 ساڵیش پێی باشترە لە پێناو گەشەكردن و زیاتر یاریكردن یانەكەی جێبهێڵێت بەڵام كێشە لە شێوازی رۆیشتنی دروستبووە.

بەرشەلۆنە دەیەوێت یاریزانەكە بە خواستن بە یانەیەك بدات، بۆ ئەوەی لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی تواناكانی بەیەكجاری لەدەستنەدات، ئەستێرە بەرازیلەیەكەش دەیەوێت بە هەمیشەیی دەستەردای ببن.

رۆكی لە ناوەراستی وەرزی رابردوو لە یانەی ئەتلەتیكۆ پارانێنسی بەڕازیلیەوە بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بەرشەلۆنەوە كرد، بەڵام نەیتوانی متمانەی چاڤی و هانسی فلێكیش بەدەستبهێنێت.