كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، ئەستێرەی یانەی نەسر، خۆی ئامادە دەكات بۆ بڕیارێكی چارەنووسساز سەبارەت بە ژیانی تۆپی پێی لە كۆتایی ڕكابەرییەكانی ئەم وەرزەدا.

گرێبەستەكەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسر لە هاوینی 2025 كۆتایی دێت، گفتوگۆش هەیە بۆ ئەوەی ڕازی بكەن گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە وەرزێكی دیكە لە یانەكە بەردەوام بێت.

ڕۆژنامەنووس حەواس ئەڵ ئەید لە چاوپێكەوتنەكەیدا لە كەناڵە وەرزشییەكانی سعودیە ڕایگەیاند، ڕۆناڵدۆ تا كۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ ئەلنەسر بەردەوام دەبێت، بەڵام چاوەڕێی ئەوە ناكەم گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە.

رۆژنامەنووسەكە ئاماژەی بەوەشكرد، زانیاریم هەیە كە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، دوای كۆتایی هاتنی وەرز، بڕیاری وازهێنان لە یانەی نەسر دەدات.

لە درێژەی قسەكانیدا وتی: یانەكە گرێبەستێكی پێشكەش بە ڕۆناڵدۆ كرد بۆ ئەوەی ماوەكەی نوێ بكاتەوە، بەڵام لە كۆتایی وەرزی ئێستادا دەردەكەوێت كە ئایا گرێبەستەكەی نوێ دەكاتەوە یان واز لە یاریكردن دەهێنێت.

جێگای سەرنجە ڕۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ دوای ڕۆیشتنی لە یانەی مانچستەر یونایتد لە مانگی یەكی ساڵی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسرەوە كرد، گرێبەستەكەی لە 30ی حوزەیرانی 2025 كۆتایی دێت، كریستیانۆ لەم وەرزەدا 14 یاری لەگەڵ یانەی نەسر لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا توانیوێتی 10 گۆڵ و بكات ‌و سێ ئەسیستیش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات.