بەپێی زانیارییەكانی بەندەر وەقیت كە رۆژنامەنووسێكی سعودییە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ بەرپرسانی نەسڕ گەیشتووەتە رێككەوتن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی كە لەم هاوینەدا كۆتایی دێت.

باسی لەوەشكردووە، یانەی نەسڕ بە فەرمی ئۆفەری پێشكەشی رۆناڵدۆ كردووە بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ماوەی دوو وەرزی دیكە، ئەستێرە پورتوگالییەكەش خواستی خۆی بۆ واژۆكردنی پیشانداوە.

ئەو رۆژنامەنووسە سعودییە پشتراستیكردووەتەوە، رۆناڵدۆ دەیەوێت گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە و سەرنجی لەسەر یانەكە و ئامادەكاریی بێت بۆ مۆندیالی 2026 بۆ ئەوەی سەركردایەتی هەڵبژاردەی پورتوگال بكات.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ پێی ناوەتە تەمەنی 40 ساڵی، سەرەڕای ئەوەش لەم وەرزەدا بە درێسی زەرد پۆشەكەی ریاز بەشداریی 34 یاریی كردووە و خاوەنی 30 گۆڵ و چوار ئەسیستە.