مانەوەی رۆناڵدۆ لە نەسڕ مسۆگەر نییە و دەیەوێت بچێتە یانەیەك كێبڕكێی نازناوەكان بكات.

لە ماوەی رابردوودا راپۆرتە رۆژنامەنوسیەكان بڵاویانكردەوە، داهاتووی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە یانەی نەسڕی سعودی ڕوون نییە و هەموو شتێك ئەگەری رودانی هەیە.

لە نوێترین پێشهاتدا، برونۆ ئەندرادێی رۆژنامەنووسی پورتوگالی رایگەیاند، ئەستێرە پورتوگالییەكە بیری لەوە كردووەتەوە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێ نەكاتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاشكرایكردووە، كریستیانۆ دەیەوێت ریزەكانی ئەو یانەیە جێبهێڵێت و ئەو بابەتەش پەیوەندی بە لایەنی داراییەوە نییە بەڵكو دەیەوێت بچێتە یانەیەك كە توانای كێبڕكێ كردنی نازناوەكانی هەبێت.

لەلایەكی ترەوە، رۆژنامەی ماركای ئیسپانی دوپاتیكردەوە كە كریستیانۆ تا ئەم ساتە بەهیچ شێوەیەك بیری لەوە نەكردووەتەوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەیكجاری واز لە یاریكردن بهێنێت بەڵكو دەیەوێت بەردەوام بێت لەپێناو تۆماركردنی ئاماری نوێ لە كاروانە وەرزشیەكەیدا.

دەشڵێت، رۆناڵدۆ پێشتر لەگەڵ یانەكانی ریاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد و یۆڤانتۆس نازناوی خولەكانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا و ئیتاڵیای بردووەتەوە و دەیەوێت نازناوی خولی سعودیەش بەدەستبهێنێت و ئامادەیە بچێتە یانەی هیلال ئەگەر گرێبەستی پێشكەش بكەن.