
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تۆپی پێ لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی پورتوگالەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا بەهۆی ئەوەی گۆڵكاری مێژووی هەڵبژاردەكەیانە.
دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە، كریستیانۆ لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، ئێستا لەو ساتانەدا دەژی كە كاتیە و ناتوانێت بیر لە ماوەیەكی درێژخایەن بكاتەوە، بە دڵنیاییەوە هێشتا ئامانجم هەیە و دەمەوێت بگەم پێی.
رۆناڵدۆ وتی، دەمەوێت بگەم بە گۆڵی ژمارە هەزار لە كاروانە وەرزشیەكەمدا بەڵام پێناچێت كارێكی هێندە ئاسان بێت بەو پێیەی مانگی رابردوو گەیشتمە گۆڵی ژمارە 900.
وتیشی، دەبێت چاوەڕێی وەڵامی پێیەكانم بكەم كە ساڵی داهاتوو چۆن دەبن و توانایان دەبێت بەردەوام بن یان نا، ئەگەر گەیشتم بە هەزار گۆڵ ئەوا زۆر باشە ئەگەر نەگەیشتم ئەوا من هەر ئەو یاریزانەم كە زۆرترین گۆڵم لە مێژوودا تۆماركردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، دوای بردنەوەی چەندین نازناو هیچ شتێك لەوە باشتر نییە یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەت بكەیت، هەست بە شەرمەزاری دەكات كاتێك دەبینێت هەندێك یاریزان نایانەوێت نوێنەرایەتی وڵاتەكەیان بكەن و پشتگوێی دەخەن.
دەشڵێت، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە شانازیەكی گەورەیە و وەك سەرەتایەك دەیبینم نەك كۆتایی، بە دڵنیاییەوە پورتوگال وڵاتێكی گەورەیە و خاوەنی چەندین ئەستێرە و یانەی گەورەیە.