پێگەی ویئامی سعودی بڵاویكردووەتەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و یاریزانی یانەی نەسری سعودی هەڕەشەی جێهێشتنی یانەكەی كردووە لە هاوینی ئەمساڵدا.

پێگەكە رایگەیاندوە، رۆناڵدۆ لە ئاستی یانەكەی رازی نییە و بەرپرسانی یانەكەی ئاگادار كردووەتەوە كە بەو پێكهاتەی ئێستاوە ناتوانن كێبڕكێی بردنەوەی هیچ نازناوێك بكەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەستێرە پورتوگالیەكە داوای لە كارگێڕی یانەكەی كردووە لە بازاڕی گواستنەوەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ سێ یاریزانی پیشەگەری ئاستبەرز ئیمزا بكەن تا بتوانن لە وەرزەكانی داهاتوودا كێبركێی بردنەوەی سەرجەم نازناوەكان بكەن.

ئەو پێگەیە دوپاتیكردووەتەوە، ئەگەر ئەو مەرجانە لەلایەن بەرپرسانی یانەی نەسرەوە جێبەجێ نەكرێن، ئەوا بە دڵنیاییەوە رۆناڵدۆ ریزەكانی یانەكە جێدەهێڵێت و وەرزی داهاتوو درێسی نەسر ناپۆشێت.