
ئەمڕۆ یەكشەممە، یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت، كلاسیكۆیەكی دیكە لەنێوان هەردوو جەمسەرە مێژووییەكەدا دەكرێت و پاڵەوانی جامەكە یەكلادەبێتەوە.
بەهۆی ئەوەی یارییەكە لە سعودیە و بە دیاریكراوی لە یانەی نەسڕ بەڕێوەدەچێت، كە كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بۆ دەكات، هەمووان چاوەڕێن رۆناڵدۆ لە یاریگەدا ئامادەبێت، بەتایبەت كە پێشتر لە ریال مەدرید یارییكردووە و ژمارەیەكی زۆری كلاسیكۆی بەرامبەر بلاوگرانا ئەنجامداوە.
هەرچەند یارییەكە لە یاریگەی تیپەكەی رۆناڵدۆیە، بەڵام ئامادەبوونی رۆناڵدۆ لە یارییەكەدا زەحمەتە، لەكاتێكدا یاریزانەكە بەهۆی وەستانی خولی سعودی بۆ بەڕێوەچوونی یارییەكانی جامی ئاسیا پشووی وەرگرتووە و كاتەكانی لەگەڵ ماڵباتەكەی بەسەر دەبات.
چاوەڕوانیی هاندەران بۆ ئامادەبوونی رۆناڵدۆ لە یاریی كلاسیكۆدا زیاتر بوو، كاتێك لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیكۆ مەدرید جونیۆری كوڕی چووە یاریگە و ئامادەی دێربیی مەدرید بوو.
رۆناڵدۆ رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو دەگەڕێتەوە نێو یانەی نەسڕ و لەگەڵ یانە بەشداری لە یارییەكانی وەرزی ریاز دەكات، كە بەرامبەر یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریكی و لیۆنێل مێسی یارییدەكەن.