كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی، كاپتنی یانەی نەسڕ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی حیكایەت وەعد ڕایگەیاند، گواستنەوەی بۆ خولی سعودیە هەنگاوێكی دروستە، سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی سەرەتا ئاراستەی كراوە، ركابەری لە خولی سعودیە لە گەشەسەندندایە و شایەتحاڵی هاتنی ئەستێرەی نێودەوڵەتی زیاترە.

وتیشی: كاتێك كریستیانۆ بڕیارێك دەدات یان بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا دەڕوات، جیهان سەرنجی دەدات و دەڵێن ئەو زیرەكە و لەبەر ئەوەیە شتێك روودەدات.

دەشڵێت: ناڵێم هۆكاری ڕاكێشانی یاریزانان بووم، چونكە تەنها سەرنجم لەسەر تیپەكەم و ژیانی تایبەتی خۆمە، ئەوەش بەسە بۆ من، بەڵام لە قووڵایی دڵمەوە دەڵێم كە رۆناڵدۆ هاتووەتە سعودیە دیارە كارێكی باشە.

باسی لەوەشكرد، ناتوانێت ئینكاری ئەوە بكات كە هەندێك كەس وەك نمونەیەك سەیری دەكەن، هەندێكجار بە شێوەیەكی ئەرێنی، هەندێكجاریش بە نەرێنی، بەڵام لە سەدا 90 باوەڕی وایە كە نمونەیەكی باشە.

روونیشیكردەوە، سەرەتا كە هات بۆ سعودیە پێیان دەوت شێت، بەڵام سەلماندی كە ئەوان هەڵەبوون، خولی سعودیە و وڵاتەكەش بەردەوامە لە گەشەكردن، من بەشێكم لەو گەشتە و دڵخۆشم لەگەڵیاندا.