فەهد حەریفی ئەستێرەی پێشووی یانەی نەسر داوای لە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی كردووە كە هەڵوێستێكی بەرامبەر لویس كاسترۆی هاونیشتیمانی خۆی هەبێت.

یانەی نەسڕدەستپێكی وەرزی نوێی بە لەدەستدانی جامی سوپەری سعودییە دەستپێكرد، ئەمە جگە لەوەی لە یەكەم یاری خولی سعودیە یەكسانبوون و دوو خاڵی گرنگیان لەدەستدا.

ئەلحەریفی لە لێدوانەكانیدا بۆ پرۆگرامی سپۆرت سكۆپ ڕایگەیاندووە، قبوڵكراو نییە گویدۆی بەڕێوەبەری جێبەجێكار و فێرناندۆ هیێرۆی بەڕێوەبەری وەرزشی هەموو ئەو شتانە ببینن كە لە وەرزی ڕابردوودا لە تیپەكەدا ڕوویانداوە و باوەڕیان بە تیپەكە هەبێت.

وتیشی: ئەو كەسەی كاسترۆ دەپارێزێت كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە، بەڵام ئەستێرە پورتوگالییەكە دەبێت هەڵوێستی هەبێت و چیتر بەرگری لەو راهێنەرە نەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ڕۆناڵدۆ بەهێز و گەورەیە لەسەر هەركەسێك و هەر یانەیەك، بەڵام دەبێت داوای گرێبەستی نوێ بكات و رێگە بدات كە راهێنەرەكە بگۆڕدرێت.