رۆناڵدینیۆ رایگەیاند: تانیا ویستویەتی کاردانەوەی هەمووان ببینێت و بە دڵنیاییەوە پشتگیری بەرازیل دەکات.

لە دوو رۆژی رابردوودا رۆناڵدینیۆی ئەستێرەی پێشووی بەرازیل رایگەیاند، یاری هەڵبژاردەی ئیستای وڵاتەکەیان چێژی نەماوە و لە کۆپا ئەرمیکا سەیریان ناکات ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هێرشێکی زۆر کرایە سەر ئەو یاریزانە.

لە نوێترین پێشهاتدا، ئەستێرەکەی پێشووی بەرازیل لە لێدوانێکیدا بڵاویکردەوە، وروژاندنی ئەو بابەتە بەشێکن لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی، دڵنیابن لەگەڵ کۆمپانیایەکدا ریکلامی کردووە بۆ پشتگیری کردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.

رۆناڵدینیۆ دەڵێت، ئەو قسانەی تەنها بۆ ئەوە کردووە کە کاردانەوەی هەمووان وەربگرێت لەسەر ئێستای هەڵبژاردەی بەرازیل نەک بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بدات.

دوپاتیشیکردەوە، بە بێ هیچ گومانێک وەک پێشتر پشتگیری هەڵبژاردەکەیان دەکاتو لە ئێستاشدا زیاتر پێویستیان بە پاڵپشتییە، خاوەنی چەندین یاریزانی لاوە کە بەهرەیەکی زۆریان هەیە.

ئاشکاریکرد، پاڵەوانێکی کۆپا ئەمریکا نزیکە لە دەستپێکردن و بە دڵنیاییەوە بەرازیل توانای ئەوەی هەیە نازناوەکە بەدەستبهێنێت و جارێکیتر بیگەڕێنێتەوە نیشتمان.