
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەكان دوپاتیانكردەوە كە ئیلكای گوندۆگانی ئەڵمانی یاریزانی نوێی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ڕەنگە بەهۆی تۆمارنەكردنی گرێبەستەكەیەوە لە ڕابیتەی لالیگا یانە كەتەلۆنیەكە بەجێبهێڵێت.
گوندۆگانی ئەڵمانی لەم هاوینەدا بەگرێبەستێكی خۆڕایی لە یانەی مانچستەرسیتی ئینگلیزیەوە پەیوەندیكرد بە یانەی بەرشەلۆنەوە بەڵام تائێستا بەرشەلۆنە ناوی ئەو یاریزانەی لە ڕابیتەی لالیگا تۆمارنەكردوە چونكە كێشەی لە مووچەی یاریزانەكانیدا هەیە كە ئەو بابەتە پەیوەندی بە یاساكانی یاری خاوێنەوە هەیە.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕایگەیاند كە ئەگەربێت و ناوی گوندۆگان تاپێش دەستپێكی وەرزی نوێی خولی ئیسپانی لەلایەن بەرشەلۆنەوە تۆمارنەكردێت ڕەنگە یاریزانەكە گرێبەستەكەی هەڵبوەشێندرێتەوە.
ڕۆژنامەكە ڕونیكردەوە كە پێش چەند ڕۆژێكی كەم لە دەستپێكی خولی ئیسپانیا یانەی بەرشەلۆنە پێشبڕكێی كات دەكات تا ناوی گوندۆگان تۆماربكات چونكە لەئێستادا یانە كەتەلۆنیەكە تەنیا ناوی 13 یاری لە ڕابیتەی لالیگا تۆماركردوە.