
پاش ئەوەی لیڤاندۆڤسكی لە یاری رابردووی بەرشەلۆنە بەرامبەر لاس پاڵماس كارتێكی زەردی وەرگرت و بەو هۆیەوە ناتوانێت بەشداری یاری داهاتووی یانەكەی بكات.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕۆژنامەی ماركا نووسیبووی كە كارتە زەردەكەی لیڤاندۆڤسكی بە مەبەست بووە بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئامادەبێت بۆ یاریكردن بەرامبەر ڕیال مەدرید، بە پێی یاساش پێویستە بۆ دوو یاری سزا بدرێت.
لەو یارییەدا جواو كانسێلۆ و ئینیگۆ مارتینێزیش پێنجەمین كارتیان وەرگرت بەڵام دوای ئەوەی لیڤاندۆڤسكیش هەمان حاڵەتی بەسەر هات بارودۆخەكە گوماناوی تر بوو.
لە نوێترین بڵاوكراوەشیدا مۆندۆ نووسیویەتی، لیژنەی یاری پاكی لالیگا تەنیا یەك یاری ئەستێرە پۆڵەندییەكە رادەگرێت چونكە لە ڕاپۆرتی ناوبژیوانی یارییەكە بوسكێتس فێرێر ئاماژەی بەوە نەكردووە كە لیڤاندۆڤسكی بە ئەنقەست كارتی زەردی وەرگرتبێت بەڵكو لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە كارتی زەردی وەرگرتووە بەهۆی كات بەفیڕۆدانەوە.
رۆژنامەكە دەڵێت تاكە ڕێگا بۆ ڕاگرتنی هێرشبەرەكەی بەرشەلۆنە سكاڵایەكی ڕاستەوخۆی دامەزراوە یان یانەیەكی ترە، وەك ڕیال مەدرید تا لیژنەی یاری پاك بەدواداچوون بۆ كەیسەكە بكاتەوە.