مارسیال لۆرێنتی رۆژنامەنووسی كەتەلۆنی كە بەردەوام پشتگیری خوان لاپۆرتای كردووە لە وتارێكی نوێیدا رەخنەیەكی زۆری ئاڕاستەی سەرۆكی یانە كەتەلۆنیەكە گرتووە و نوسیویەتی، لە لیۆنێل میسیەوە تا نیكۆ ویلیامز سەرقاڵی هەڵخەڵەتاندنی هاندەرانی یانەكەیەتی.

دەشڵێت، لاپۆرتا بەو كارانەی دەیەوێت باڵۆنێكی گەورە هەڵبدات بە هەوادا بەڵام خۆشی باش ئەوە دەزانێت كە ئەو باڵۆنە لە نزیكترین كاتدا دەتەقێتەوە و سەرجەم پلانەكانی شكستدەهێنن.

رونیشیكردووەتەوە، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە ئەو كاتەی گەڕایەوە ئەركەكەی بەڵێنی بە هاندەراندا لیۆنێل میسی بهێڵێتەوە و گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە بەڵام ئەوەندە بێ بەڵێن بوو كە بە شێوەیەكی زۆر شەرمەزاركەرانە ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینیەی بەڕێكرد، جگە لەوەش كاتێك لیۆ پاریسی جێهێشت جارێكیتر لاپۆرتا رۆژنامەكانی هاندا كە باسی گەڕانەوەی میسی بكەن بەڵام ئەوەش تەنها بابەتێك بووە كە رەخنەی هاندەران لە خۆی دووربخاتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لاپۆرتا خۆی زۆر بە باشی ئەوە دەزانێت یانەكەی ناتوانێت گرێبەستی گەورە بكات بەهۆی كێشەی داراییەوە كە چی لە دوو ساڵی رابردوودا باسی لە گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند و بێرنارۆد سیلڤا و جۆشوا كیمیچ و چەندین ئەستێرەی تری كردووە لە كاتێكدا دیاریەكەی بۆ بەرشەلۆنە گواستنەوەی یۆریۆل رۆمیۆ بووە بەرامبەر بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ.

ئەو رۆژنامەنوسە دوپاتیكردووەتەوە، لاپۆرتا ماوەی مانگێكە باسی گواستنەوەی نیكۆ ویلیامز دەكات ئەوەش لەپێناو لابردنی سەرنجی هەمووان لەسەر شكستی دەستەی كارگێڕیەكەی و بە دڵنیاییشەوە بابەتی گواستنەوەی ئەو یاریزانە زۆر نزیكە لە شكستهێنان چونكە ئەو یانەیە بارودۆخی دارایی باش نییە و ناشتوانێت هیچ یاریزانێكی بفرۆشێت.