پاش شكستە قورسەكەی ریاڵ مەدرید لە كلاسیكۆ دەنگۆكانی رۆیشتنی كارلۆ ئەنچیلۆتی سەریانهەڵداوەتەوە و لە ئێستاشدا تۆڕی ریلیڤیۆ باسی لەوەكردووە سانتیاگۆ سۆلاری یەكەمین جێگرەوەیە بۆ شوێنی راهێنەرە ئیتاڵییەكە بەشێوەیەكی كاتی.

سۆلاری پێشتر لەساڵی 2018 بووە راهێنەری ریاڵ مەدرید و لە 28 یاریدا وەك راهێنەری یانەكە كاریكرد كە لەو ماوەیەدا توانیان 18 یاری ببەنەوە و لە هەشت یاریشدا شكستیان هێنا و دوو یارییش یەكسان بوون.

تۆرەكە باسی لەوەشكردووە، ریاڵ مەدرید دەیەوێت وەرزی داهاتوو چابی ئەلۆنسۆ بكات بە راهێنەر و خودی راهێنەرە ئیسپانییەكەش لەوە دڵنیایە لە داهاتوو سەركردایەتی ریاڵ مەدرید دەكات.

جێی باسە، ریاڵ مەدرید لەم وەرزەدا ئاستی جێگیر نییە و چەندین جار پلانەكانی كارلۆ ئەنچیلۆتی لەلایەن هاندەرانەوە رەخنەی لێگیراوە و پاش شكستیان بەرامبەر بەرشەلۆنەش لە یاری كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا دووبارە رەخنەكان سەریانهەڵداوەتەوە.