رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگال لە كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە هەموو یاریەكدا بردنەوە بەدەستبهێنن تا بتوانن كێبڕكێی سەرجەم هەڵبژاردەكان بكەن لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوودا.

لەوەلامی پرسیاری گرنگی رۆناڵدۆ و چوونی بۆ خولی سعودیە، مارتینێز وتی: یاریكردن لە دەرەوەی ئەوروپا هەندێك جار سوودێكی زۆری بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی دەبێت.

وتیشی: پێوەر بۆ هەر یاریزانێك لە سێ خاڵ پێكهاتووە كە ئەوانیش كوالێتی تاك و ئەزمون و پابەندبوونە، رۆناڵدۆ یاریزانێكی تەواو پابەند و بێ كەم و كوڕیە، ئەو نمونەیە بۆ پورتوگال و تۆپی پێ لە جیهاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەنجامدانی 198 یاری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەكەت كارێكی ئاسان نییە بەلام لای رۆناڵدۆ شتێكی ئاساییە، هاوشێوەی سەرجەم یاریزانەكانی تر مەشق و راهێنان دەكات.

رونیشیكردەوە، لە كاتی مەشق و راهێنانەكاندا پێویستیان بە ئەزموونی چەند یاریزانێكە تا ببنە نمونە بۆ یاریزانە لاوەكان، رۆناڵدۆ و پیپی ئەو دوو كەسەن كە دەبێت سوود لە ئەزمونەكەیان وەربگیرێت.

دەشڵێت، لە پێكهاتەی هەڵبژاردەكەیدا هیچ یاریزانێك سەرەكی مسۆگەر نییە جگە لە گۆڵچی، 23 یاریزان بونیان هەیە و هەر یاریە و بە شێوازێك دیاریان دەكات، بە دڵنیاییەوە دێگۆ كۆستا گۆڵچی سەرەكی و ژمارە یەكە.