
یانەی بایرن میونشن پشتڕاستی كردەوە كە مانوێل نۆیەر لە كاتی مەشقەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیدا تووشی گرژبوونی ماسولكەكانی قاچی چەپی بووە و دەگەڕێتەوە میونشن.
پێش كۆتا مەشقەكانی كە تێیدا تووشی پێكان بوو، مانوێل نۆیەر و گۆڵپارێزەكانی تری هەڵبژاردەكە ئاگاداركرانەوە كە كاپتنەكەی بایرن دەبێتە ژمارە یەكی مانشافت لە یۆرۆدا، لە ئێستادا كە یاریزانەكە كەمپی هەڵبژاردەكەی جێهێشتووە مارك ئەندرێ تێرشتیگن ڕۆژی شەممە لە یارییە دۆستانەكەیان بەرامبەر فەرەنسا لە پێكهاتەی سەرەكیدا یاری دەكات.
زستانی ڕابردوو، نۆیەر لە كاتی خلیسكانێی سەر بەفر لە قاچیدا بە سەختی بریندار بوو و بەشداری وەرزەكەی نەكرد، چەند مانگێك لەمەوبەر توانی بگەڕێتەوە یاریگاكانی تۆپی پێ و دووبارە بە ئاستە بەرزەكەی هەمووانی سەرسامكردەوە، بەپێی میدیاكانی ئەڵمانیاش پێكانە نوێیەكەی قورس نییە.
ناگلیسمانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانایش سەبارەت بە نۆیەر رایگەیاند، یاریزانەكە تووشی پێكان بووە و بەشداری دوو یاری داهاتوویان ناكات، ئەگەری هەیە نەتوانیت بۆ یاری یانەكەشی بەرامبەر دۆرتمۆند بگەڕێتەوە یاریگاكان.