
میكێل ئارتێتای راهێنەری یانەی ئارسناڵ پێش یاریەكەیان بەرامبەر چێڵسی لە لێدوانێكیدا بە ئاژانسی هەواڵی بەڕیتانیای راگەیاند، ئامانجی ئەوەیە ئارسناڵ بگەڕێنێتەوە ئاستە بەرزەكەی چەند هەفتەی رابردوو.
ئارتێتا وتی: دەبێت لەم یاریەمان بەرامبەر چێڵسیەوە كارەكانمان بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ بردنەوە و كێبڕكێ كردنی نازناوی ئەم وەرزە دەستپێبكەین و گومانەكان نەهێڵین لەسەر توانای تیپەكەمان.
وتیشی: هێشتا لە تواناماندایە نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا بەدەستبهێنین چونكە پێنج یاری ماوە و زۆر شت هەیە لە تۆپی پێدا ئەگەری رودانیان هەیە و دەزانین ئەركەكە قورسە بەڵام ئەستەمیش نییە.
دوپاتیكردەوە كە بردنەوەی نازناوەكە تەنیا لەدەست خۆیاندا نییە و دەبێت چاوەڕێی شكست یان یەكسانبوونی مانچستەر سیتی بكەن بەڵام ئەوان هەموو هەوڵێك دەدەن لەو پێناوەدا و بەهیچ شێوەیەك بێهیوا نابن.
ئارتێا یاریزانەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە دەبێت چەند ئەنجامی پێشووی یانەكەیان لەبیر بكەن و بووبێتە وانەیەك بۆیان تا لە یارییەكانی داهاتوودا سەركەوتن بەدەستبهێنن و دەبێت لە پێناو هاندەران هەموو هەوڵێك بدەن.