
ساوسگەیت نەیشاردەوە ئەنجامی یارییەکەیان نەرێنی بووە، بەڵام دڵخۆشە بە پێشکەشکردنی ئاستی بەرزی یاریزانەکان.
دوای دۆرانیان بەرامبەر هەڵبژاردەی سامبا، گاریس ساوسگەیتی راهێنەری ئینگلتەرا دوپاتیکردەوە، ئاستێکی زۆر زۆر باش پێشکەشکرا، یارییەکە بەهێزبوو ئەوانیش بەشێکی زۆر کۆنترۆڵیان لابوو، هەوڵی گۆڵکردنیشیان هەبووە بەڵام لە کۆتاییدا بەرازیل یارییەکەی یەکلایی کردووەتەوە.
رووونیشیکردەوە، یاریزانێکی زۆریان لەخۆگرتبوو، هەندێکیان بۆ یەکەمجار بەشدارییان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کرد، هەروەها چەند ئاستێکی تاکەکەسی بەڕاستی گرنگ هەبوو بۆ ئەوان کە بیبینن.
سەبارەت بە ئەنتۆنی گۆردۆن و ئۆلی واتکینز، ساوسگەیت وتی: زۆر باشن، ئەنتۆنی لە هەردوولادا نایاب بوو، 15 خولەک پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە گۆڕانکاری زۆر ڕوویدا و پێموایە لەو ساتەدا هاندەران بەڕاستی دڵخۆش بوون بە ئاستمان، بێگومان کاتێک دۆڕاویت یارییەکە دەبێتە نەرێنی، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی ئەو شتانەدا بمێنینەوە کە بەدەست هاتووە.
دەربارەی پێکانەکەی واڵکەریش دەڵێت: تا ئێستا نازانین، هەست بە شتێک دەکات یان نا، بەڵام یاریزانێک نییە زوو تووشی پێکان ببێت، بۆیە بەتەواوی لەوە دڵنیا نین کە چی بەسەر هاتووە.